( كەریم بەگی فەتاح بەگ)ی هەمەوەند

0

ژیاننامەی رابەری نەتەوەیی كورد( كەریم بەگی فەتاح بەگ)ی هەمەوەند :


  كەریم بەگ  كوڕی  فەتاح بەگ ، كوڕی  كوێخا ڕەسوڵ  چەڵەوی  كوڕی جوامێری یەكەمی شۆڕە سواری  بەگزادەیە ، لەساڵانی (  1886 - 1870ز) لەبنەماڵەیكی ئاینی و نیشتمان پەروەر و ئەدەب دۆست و ئاوەدانكارو خانەدانی هەمەوەندا لە تەوقەسەری  قەڵای چەمچەماڵدا چاوی بەدونیا هەڵهێناوە ، لەقوتابخانەی فەتاح بەگی باوكی و فەقێ‌ قادرو كوێخا ڕِەسوڵ چەڵەوی باپیرە گەورەی و جوامێر ئاغاو چەڵەوی قەدیمی هەمەوەندو میران بەگی وەڵەد بەگی كە دوو سواری ئازای دوانزە سوارەی مەریوان بوون ، فێری تیر ئەندازی و سوار چاكی و مەشقی سەربازی بووەو لەسەر دەستی مامۆستای تایبەت خوێندویەتی ، بەڵام بەهۆی شەڕو شۆڕو ئازایەتی و ئاوارەیی هۆزەكەیەوە نەیتوانیوە پلەكانی خوێندنی ئەو سەردەمە تەواو بكات . 

لەڕۆژی( 1887/8/2) بەو تەمەنی منداڵیەوە لەگەڵ هۆزەكەیدا نەفی دەكرێ‌ و لەگەڵ (محەمەد ئاغای كوڕی سڵیمان ئاغا ی مۆفەرو ڕەشیدی كوڕی فەتاح و عەبدولقادری كوڕی حسێن بەگ و حوسەینی كوڕی عەلی و مستەفای كوڕی كامیل و حەسەن بەگ ) دەگوازرێنەوە بۆ تەرابلوسی ڕۆژئاواو بەڵام هەر زوو دەكەونە كڕینی چەك و وڵاخ و بەرەو كوردستان بەپێ دەكەونە گەڕانەوە .
بەڵام ژاندرمەكان پێیان دەزانن‌و لە (تەرهونە) دەوریان دەگرن و (كەریم بەگ) بەچەند دەستە فیشەكێكی كەمەوە تائەو دەمەی چاوەكانی و شانی بریندار دەكرێ‌ لەو دوور وڵاتی و بێ‌ دەرەتانیەدا ئازایانە دەجەنگێ.

لەساڵی (1310 ك) دا ، داستانێك تۆمار دەكات كە بەشەهید بوونی (حەسەن بەگ) كۆتایی دێت ، دكتۆر  حامد مەحمود عیسی لەنامەی دكتۆراكەیدا كەلەژێر ناوی ( المشكلة الكردیة في شرق اڵاوسط منذ بدایتها حتی سنە 1991) بەچاپی گەیاندووە باسی لەم پاڵەوانێتیە كردووە .

هەروەها دكتۆر حسامەدین نەقشبەندی كۆمەڵێ بەڵگەنامەی سەبارەت بە هەمەوەندە نەفی كراوەكانی تەرابلوسی رۆژئاوا بڵاو كردۆتەوە،یەكێك لەبەڵگەنامەكان باسی برینداربوونی كەریم بەگ وشەهید بوونی حەسەن بەگ دەكات و شەرەفی ئەم گەورەترین شەڕوداستانە بە كەریم بەگ دەبەخشێ. لەبەڵگەیەكی دیكەشدا ناوی نزیكەی پەنجا نەفیكراوی دیكەی هەمەوەند دەبینرێ ولەناویادا خوالێخۆشبوو حەیدەر عەزیز خەسرەوی تێدایە.

لەگەڵ ئەو هەموو ڕۆژە ڕەش و دژوارەدا كەریم بەگ لەگەڵ (تەمینەی ئامۆزایی) و (محەمەد ئاغای كوڕی سلێمان ئاغا)وحەیدەرئاغاو زۆرێک لەژن و پیاوانی دیکە،چیای (جەبەل ئەخزەر)و (بیابانی سینا) و كەناراوەكانی (دەریای سپی ناوەڕاست) و زۆرگ و هەڵەت و بەرزاییەكانی (سوریا)و (لوبنان) و (ڕووباری فورات) دەبەزێنن و دەگەنەوە ناوچەی (دوبز) و خۆیان دەگەیەننە ماڵی ( كەریم صاڵح ئیبراهیم ) لەگوندی (عەمشە) و پاش حەوانەوەو دەرچوونی ماندوێتیان دەگەڕێنەوە قەڵای چەمچەماڵ و گوندەكانی (مۆفەر) و  (قورەتە) وناوچەی بازیان . لەو سەرو بەندەدا (كەریم بەگ) هەربەردەوام دەبێت لەسەر سوارچاكی و مەشقی چەك و تەقەمەنی و قەڵایەكی پتەولەسەر ملەی(تەپەكوڕە) لەگوندی (قەرەتامۆر) دروست دەكات و سەر ڕێگای  ( چەمچەماڵسەنگاو ) لەتوركەكان دەبەستێ‌ و لێیان ڕادەپەڕێ‌ و چەندین شەڕیان لەدژ دەكات و ناوبانگی ئازایەتی پەیدا دەكات و دەبێتە كەسایەتیەكی بەرزی كۆمەڵایەتی و خاوەن ڕەوشتێكی جوان و لەسەر خۆو بەبەزەیی و كارامەی  ئەوتۆ كە كەس نابێت قسەكانی ڕەت كاتەوە ، لەسوار چاكی و تفەنگ چێتی و شەوڕۆیی دا مایەی سەرسوڕمانی هاوەڵەكانی بووە ، لەدانان و داڕشتنی بەرنامەو  تاكتیكەكانی شەڕدا شارەزایی تەواوی هەبووەو لەمەیدانی شەڕدا هەمیشە بەبەزەیی و لێبوردەو بەویژدان بووە بەرامبەر بەدیلی دوژمن و دەیان كێشەی زەوی‌وزارو سەدان كێشەی تیرەگەری چارەسەر كردووە . لەساڵی 1915 دا، وەكو سەركردەیەكی لێهاتوو بەشداری شەڕی (شوعەیبە) دەكات ولەساڵی (1916) دا لەناوچەی پێنجوێن لەدژی ڕووسەكان كە بەجەبهەی (قەفقاس) ناوبراوە جەنگاوە ، ساڵی (1918) سەرۆكایەتی هۆزەكەی دەكەوێتە دەست و  دەسەڵاتەكانی  بەسەر ناوچەكانی چەمچەماڵ و بازیان و دیوی سورداش وزۆربەی ناوچەكانی دیكەی كوردستاندا رۆژلەدووای رۆژ بەرفراوانتر دەبێت .

لەبەهاری (1919) دا شێخ مەحموودی حەفید لەیەكەم كۆبوونەوەی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشدا بەپاڵپشتی (كەریم بەگ) دەكەوێتە خۆئامادەكردن بۆبەرپاكردنی شۆڕشێك ، چونكە لەكۆتایی شۆڕشدا هەرخودی شێخی نەمر خۆی دەفەرموێت : (كەریم بەگ) یەكێك لەو كەسانە بووە كەدۆستی هەتا سەرم بووەو لەشۆڕشدا پشتی بەرنەداوم ،  بۆسەلماندنی ئەم ڕاستیەش (كەریم بەگ) بەكردەوە لەبەرەبەیانی (21)ی مایسی (1919ز) کاتێک مەحموودخانی دزڵی لەشکر کەیەوە دێتە ناوشاری سلێمانی کەریم یەکیش داخڵ بەشاردەبێت ویەكەم دەستڕێژی گوللە دەنێت بەتەوێڵی ئینگلیزەكانەوەو بەریتانیای مەزن دەهەژێنێ‌ و كوردو شۆڕشەكەشی بەدونیا دەناسێنێ‌ .



ڕۆژی 25/5/1919 سەركردایەتی شەڕی تاسڵوجە دەكات و ئینگلیزەكان دەشكێنێ‌ و دوویان دەكەوێ‌ و بۆیەكەمین جار شاری چەمچەماڵ  لەژێر دەستی ئینگلیزەكان ڕزگار  دەكات وتاجی سەركەوتنی لەسەر دەنێ و كابتەن (بۆند)ی یاریدەدەری دادوەری سیاسی  تێدا بەدیل دەگرێت و بەسوارەكانیدا دەینێرێتە بەندیخانەی سلێمانی ، لە (3)ی حوزەیرانی (1919)دا، لەگەڵ سەید موحەمدی جەباری وهێزەكانی شوان ومەنمی وهەورامی لەچیمەن و قەرەهەنجیر هێرشێكی  سوپای ئینگلیز تێك دەشكێنن و  مترالۆزەكەشیان لەلایەن كەریم بەگ وسەید محەمەدی جەبارییەوە دەستی بەسەردا دەگیرێ.
ڕۆژی (18)ی حوزەیرانی ساڵی ( 1919) لەشەڕی دەربەندی بازیاندا ( كەریم بەگ) تا ئەو دەمەی حەمە ڕەشید جوامێر ئاغا شەهید
دەكرێ‌ و  خۆشی بریندار دەكرێ‌ شەڕێكی خوێناوی دەگێڕێ‌ تا لەلایەن پێشمەرگەكانیەوە  دەگوێزرێتەوە بۆگوندی (خەربەندەلو) ، پاش بەدیل گرتنی  شێخ مەحمودیش لەگەڵ سابیربەگ وعەبدوڵڵابەگی كوڕیدا دەست بەرداری چەك نابێت و شەڕی دژی ئینگلیزەكان دەگوێزێتەوە بۆپێدەشتەكانی چەمچەماڵ و كەركوك و سەید موحەمەدی جەباریش دەبێت بەهاوڕێیان .
لەكۆبونەوەكەی گوندی ژاڵەی ڕەبات لەهاوینی (1920)دا (كەریم بەگ) بڕیار دەدات بۆهێنانەوەی شێخ مەحمود لەهندستان لەدژی ئینگلیزەكان بجەنگێت‌و بوێرانە توانیویەتی هێزە شۆڕگێڕەكانی كوردستان یەكبخاتەوەو رابەرییان بكات ، هەربۆیە كابتەن  بۆند زۆر بەووردی حیسابی بۆ كردووەو لەیاداشتەكاندا نووسیویەتی : (كەریم بەگ) لەساڵی (1920)ەوە وەكو سەرۆكی بەگزادە  ناوبانگی وای دەركردووە كەبەسەر عەشرەتەكەیدا زاڵ بێت . هەروەها شێخ لەتیفی حەفیدیش  ڕاستگۆیانە باس لەوڕۆژە سەخت و ترسناكانە دەكات و سەبارەت بەنەترسی (كەریم بەگ) دەڵًێ‌: خێزانەكەمان دوای  گرتنی شێخ مەحمود پەیوەندی نهێنیان بەكەریم بەگی فەتاح بەگی هەمەوەندییەوە هەبووە.

ڕۆژی (18ی حوزەیرانی 1922) دا كەریم بەگ لەدژی ئینگلیزەكان  و كاپتەن بۆندو كاپتەن ماكانت دابەتەوا وی رادەپەڕێت و چەرچڵی سەرەك وەزیران لەمەجلیسی عمومی بەریتانیادا دەهێنێتە قسە ، لەگەڵ ئەوەشدا كەریم بەگ گوێ‌ بەهەڕەشەو گوڕەشەكانی نادات و خۆی سەرجادەی (كفری – كەركوك) و پەلاماری كاروانێكی سوپای لیڤی دەدات و چەند كەسێكیان لێدەكوژێت و دەست كەوتی باشی دەبێت و  هەواڵی ئەونەبەردییە لەتەمموزی (1922)دا، دەگاتە لەندەن و میسرو هیندستان .

لەڕۆژی (23ی ئابی 1922)دا (كەریم بەگ) بە لەهێزەكەیەوە خۆی دەگەیەنێتە دەربەندی ڕانیەو شاری رانییە رزگاردەكات و ئینگلیزەكان تێك دەشكێنێت و كۆنترۆڵی سەر ڕێگەی (بازیان – سلێمانی) دەكات و گەمارۆیەكی تووند دەخاتە سەر شاری سلێمانی و لە (5ئەیلوەلی 1922)دا ، ئینگلیزەكانیش دوای ئەوەی پروپاگەندەی هێنانەوەی شێخ مەحمود دەكەن بەفڕۆكە بۆی دەردەچن و كەریم بەگ دەست بەسەر سلێمانیدا دەگرێت. لەڕاستیشدا كوشتنی بۆندو ماكانت و تێك شكاندنی ئینگلیزەكان لەدەربەندی ڕانیە،لەسەردەستی(كەریم بەگ) و رزگاركردنی شاری سلێمانی لەسەردەستی كەریم بەگ هۆكارێكی گرنگ بوون بۆ ئەوەی ئینگلیزەكان بیر لەهێنانەوەی شێخ مەحمود و كپ كردنەوەی ڕاپەڕینەكانی (كەریم بەگ) بكەنەوە ، هەروەكو مەندوبی سامی لە عیراق لەنامەیەكی دا لە (6/7/1922) دا گوتبووی : ئەوانەی دژی هێنانەوەی شێخ مەحمودن بڕیاریان داوەو لەگەڵ ئەفسەرە سیاسیەكانی ئێمەدا ڕێك كەتوون بۆهێنانەوەی شێخ مەحمود یارمەتی كەریم بەگی هەمەوەند نەدرێت .

هەربۆیە ئینگلیزەكان لە ڕۆژی (30 ئەیلولی 1922) دا  شێخ مەحمودیان گەیاندەوە سلێمانی ،هەروەكو حەمدی شاعیرو ئەحمەد جواجە دەڵێن : بەومەرجەی شێخ مەحموود(كەریم بەگ)یان بە پەلبەستراوی بداتە دەست. بەڵام خەیاڵیان خاو بوو ، لەپێش هەموو كەسێكیشدا كەریمی فەتاح بەگ و سابیربەگ وعەبدوڵڵای كوڕی و سەید موحەمەدی جەباری چوونەوە پاڵ شێخ مەحموود ، لە 18ی تشرینی دووەمی 1922دا ،شێخ مەحموود جاڕی سەربەخۆیی كوردستانی داو بڵاوی كردەوە كەخۆی مەلیكی 
كوردستانەو لەڕۆژی (21/12/1922) دا ئاڵای كوردستان لەچەمچەماڵ هەڵكرا.

پێشتریش چالاكیەكانی كەریم بەگ ناوچەی سلێمانی ئاڵۆزاندبوو ، بەتایبەتی لەوكاتەی كەریم بەگ لە ناوچەی پشدەر هێزەكانی ئینگلیزی تێك شكاند و پێشتریش لەدژی بۆندو ماكانت راپەڕیبوو ، ئەو بۆندەی كە شێخ مەحمودی بەدیلی بردە بەردەم دادگای عورفی بەریتانی ،. ئەم كارانە وای لە هەردوو حكومەتی شاهانەی بەریتاو حكومەتی پاشایەتی عێراق كرد كەبەیانێكی فەرمی لە (22ی كانونی یەكەمی 1922) دا سەبارەت بەدامەزراندنی حكومەتێكی كوردی بەڕابەری شێخ مەحمود واژۆ بكەن . ئەمجارەش شەرەفی درووستبوونی حكومەتێكی كوردی بەكەریم بەگ بەخشرایەوە.پاش ئەوەی  ئینگلیزەكان رۆژ لەدووای رۆژ زیاتر لەبەرامبەر هێرش وپەلامارەكانی كەریم بەگدا زیاتر تێك دەشكان ، بوویەئینگلیزەكان لەبەڵێنەكانی خۆیان پاش گەز بوونەوەو سلێمانییان داگیركردەوە، بەڵام كەریم بەگ هەر بەردەوام بوو لەهێرش كردنە سەر ئینگلیزەكان و ئەوەبوو
لەڕۆژی (17ی حوزەیرانی 1923) دا كەریم بەگ بۆجارێكی تر شاری سلێمانی ڕزگار دەكاتەوەو فەرمانڕانی ناوچەكە دەگرێتە دەست و لەڕووی (كارگێڕی)و (سەربازی) و( دارایی)یەوە ،ڕێكی دەخاتەوە.

لەهەمووی گرنگتر ئەودوو یاداشتەیە كە ( كەریم بەگ) لەگەڵ مەلیكی كوردستاندا لە (11ی مایسی 1923)و20/3/1925 دا ، داویانە بە باڵوێزەكانی ئەمریكا و ئیتالیا و فەرەنساو ئینگلتەرا و توركیاو سەرەك وەزیرانی ئێران و داوای مافی ڕەوای گەلی كوردیان كردووە .
ساڵی (1924) ئینگلیزەكان لەڕووی هێزی ئاسمانییەوە بەهێزتر بوونەو (كەریم بەگ) بەوورەیەكی بەرزەوە لەژێربۆمبا بارانی فڕۆكەدا خۆ ڕادەگرێ‌ و لەزۆربەی داستان‌و كارەسات و لاوك و تێكستە فۆلكلۆری و بەیتە كوردەوارییەكاندا بەسەركردەو ڕابەرێكی  بەرزو بوێر  ناوزەد دەكراێ ، كەلەهەستە نەتەوایەتیەكەیەوە سەرچاوەی گرتووەو وای لەكۆمەڵانی خەڵكی كوردستان كردووە چاو ببڕنە دەست و  تفەنگ و هەڵمەتەكانی و لەڕۆژگارە دژوارەكانیشدا بەفریادڕەسی خۆیانی بزانن.

بەڵام سەد حەیف و مەخابن بۆ وەرگرتنی خەڵاتێكی چل هەزار ڕوپیەیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و ئینگلیزەكان كە لە (13/6/1925) دا بۆكوشتنی (كەریم بەگ) ڕایان گەیاندبوو لەشەوی (29/6/1926) دا كەریم بەگ بەدەستی رووڕەشان خۆفرۆشانی گەلەكەمان شەهید كرا و گەیشتە كاروانی نەمران ، لەپاش خۆشی (سابیر بەگ) و (عەبدوڵڵابەگ)ی، كوڕی  هەروەكو ڕاپۆرتێكی ئینگلیزەكان كەلەساڵی (1927) دا داویانە بەكۆمەڵەی گەلان دەڵێت : تەنها سابیرو عەبدوڵڵای كوڕانی كەریم بەگ لەكۆڕی خەباتدا مابوونەوەو ئینگلیزەكان كوناوكون بەفڕۆكەو سوارەو سەربازی لیڤی دوویان كەوتبوون .
تا ئەوڕۆژەی سابیر بەگیش لەگوندی (مڕانە كوردستانی ئێران هەربۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە شەهید دەكرێ‌ لەكۆڕی خەباتدا دەمێننەوە .

بەو شێوەیە كەریمی فەتاح بەگ و سابیر بەگی كوڕی وەكو دوو سەركردەی بەئەمەكی گەلەكەمان بوون بەڕەمزی كۆڵنەدان و گیانی خۆیان بەخشیە كوردستان و لاپەڕەكانی مێژووی پڕ لەداستانی كوردایەتی و شۆڕشەكانی شێخ مەحمودیان ڕەنگینتر كردوو نەیانهێشت  ئاڵای كوردستان بكەوێتە سەر ئەرزو وەكوو دوو هەڵۆی بەرزەفڕ لەشەقەی باڵیان داو سەری قەڵای سەركەشی چەمچەماڵیشان بڵند تر كرد .

           پارێزەر 
سەروەرئەحمەد کەریم
پۆلینکراوەکان:

لێدوانەکان

0لێدوان
* تکایە لێرە سپام مەکەن. هەموو کۆمێنتەکان لەلایەن ئەدمینەوە پێداچوونەوەیان بۆ کراوە.

به خێر هاتی فه رموو به رده وامبه

به خێر هاتی فه رموو به رده وامبه

لێدوان.دابنێ (0)

#buttons=( ڕەزامەندم ! ) #days=(20)

ماڵپەڕەکەمان کووکی بەکاردەهێنێت بۆ بەرزکردنەوەی ئەزموونەکەت. بۆ زانیاری زیاتر
Accept !