دوا ڕۆژى نزیكی شارەكان

World Cities Day
ئه ندازیاری ڕاویژکار: محەمەد عەزیز محەمەد

شارەکان  زۆر رەوشتیان  لە مرۆڤ ئەچێ . وەکوو مرۆڤ لەدایک دەبن و بە تەمەنێکدا دەرۆن و  پیر دەبن و نەخۆس دەکەون و دەپوکێنەوە. ئێستا  ئیتر وەک هەموو بوارەکانی تری ژیان . تەکنۆلۆجیا  بەرۆکی هەموو سوچ و کەلەبەرێکی  ژیانی گرتووە  وبە خێرایی زۆر هەنگاو ئەنێت .هەموو پێشبینییەکان ئەوە  دەردەخەن  کە  لە چەند سالی نزیکی دادێ گۆڕانکاری زۆر گەورە لە شارەکان و لەوێشەوە لە ژیانمان ڕوو دەدات  با بزانین زانست و تەکنۆلۆجیا بەرەو کوێ ی ئەبەن.

پوختە دواڕۆژی نزیکی شارەکان

ماوەی 250 هەزار ساڵی ویست تا ساڵی 1880 زمارەی دانیشتوانی گۆی زەوی بگاتە  یەك ملیار كەس بەڵام بەپێی ئاماری فەرمی نەتەوە یەكگرتووەكان  نزیكەی سەدوپەنجا ساڵێكی ویست  تا  لە ئۆكتۆبەری ساڵى 2011 ئەو ژمارەیە  بگات بە حەوت ملیار كەس و لە نۆڤەمبەری 2022 ببێت  بە هەشت ملیار كەس , هەرچەندە  بە پێی پێشبینی و لێكۆلینەوەكان لە چەند دەیەی داهاتوو  ئەم رەوتە وا خێرانابێت .   

 زیاد بوون  كەم دەكات  لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی دەكرێت  تا ساڵی 2050 ئەو ژمارەیە بگاتە  نۆ ملیار , لە ئێستا رێژەی دانیشتوانی شارەكان 50% ی گشتی یە و هەر بەپێی پێشبینییەكان   تا ساڵی 2050 دەگاتە 70% دانشتوانی گۆی زەوی . ئەگەر لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا شارەكان كێشەی زۆر و كوشندەیان هەبێت , كەزیاتر خۆی لە چڕبوونەوە و گەورەبوونی شارەكان و پیسبوونی ژینگە دەبینێتەوە و وەك  شێرپەنجە لە جەستەی شاردا رۆژانە گەورەو گەورەتر ئەبێت. ئەوا لە ساڵانی داهاتوو یان  لە چەند دەیەی  دادێ  بە دڵنیایی و بە 
تەریب لەگەڵ  ئەم گەورەبونە مەترسی  زۆر   زیاتر دروست دەكات .  

چاوچنۆكی سەرمایەداری جیهانی و بەرژەوەندخوازی و  ویستی قازانجى  بێ سنووری  بەدەر  لە هەموو بەها ئاكارییەكان  لە سەردەمی  نیولیبرال  وای كردووە هەموو هەوڵەكان  بۆ كەمكردنەوەی  ئەم مەترسییە  بێ  ئەنجام بێت .بڕیار و رێنمایى كۆنگرە ساڵانەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان  بۆ چارەسەرى كێشەی  پیسبوونی  ئاو وهەوا و كەش دەخرێتە ژێرپێ و قازانجە  بێشومارەكان رێگرن لە جێبەجێكردن .

ئەنجام  ئەوەى  ئێستا  لە شارەكان دەگوزەرێ كارەساتە و ناكرێت هەروا بە ڕاگوزەر تێپەرێ و لای  لێنەكرێتەوە كە بەگشتی لە سەر ئاستی گشتی جیهان  رووبەروی ئالنگاری گەورە  بونەتەوە. پەرەسەندن و پێشكەوتنەكان زۆر خێران , ئەوەش وای كردووە جۆری ژیان لەوێدا  بە ئاستەم  پێشبینی  بۆ بكرێت,
ئەم پێشكەوتنە  بێ سنورانە  لێكەوتەی  زۆری  لە ژیانی رۆژانەى  شاردا دروست  كردووە , لە ناویاندا  دوو ئەنجامی زەقى  دژ بە یەكی لێكەوتەوە . لە لایەك  بوو  بە هۆی  زیاتر پیسبوونی ژینگە و زیاتر شپرزە بوونی ژیانی شار و لە لاكەی تر گەورەبوون و چڕبونەوەی شارەكان وای كرد كە ئیتر تەكنۆلۆژیا و  بە كارهێنانەكانی كارێكی دەستلێهەڵنەگیراو بێت و  ببێتە سیما و مۆركی سەرەكی ژیانی رۆژانەو خۆی بسەپێنێت بە سەر كۆی  پرۆسەی  ژیان  لە شاردا كە سوودی لێ وەرگیرێت بۆ باشتركردنی ژیان . ئیتر دەبوایە خەمی  سەرەكى و بەردەوامی دەزگا حكومییەكانی  پلاندانانی شار و ئەندازیاری پلاندانەر و تەلارسازەكان  بێت بۆئاخنینی ئەم  زانستە  لە هەنگاوەكانی دیزاین و پلاندانانی شار بەرەو بەكارهێنانی تەكنۆلۆجیای زانیاری و دانان و فەراهەمكردنی ژێرخانی زانیاری و رێنمایی بەكارهێنان  بە گشتی , ئەوەش  بە بەشداری زانكۆكان و لایەنە  ئەكادیمیەكانی لێكۆلینەوە  لە بواری دانیشتوان و چڕی دانیشتوان و خولیاو ئارەزووەكان و پێویستییە خزمەتگوزارییەكان و لایەنە هونەری و دەروونییەكانی دانیشتوان , كە تێیدا پارێزگاری  تەواو  لە جۆری ژیان و رەخساندنی هەلومەرجی  باش بكات لە بەرژەوەندی تاك . لێرەوە پێ  بە پێ ی  پێشكەوتنەكان و بەكارهێنانی  تەكنۆلۆجیا  لە هەموو  بوارەكانی ژیانی رۆژانەی شار  وای كرد  بیرۆكەی شاری  زیرەك  بێتە كایەوە .

هیچ  ئەگەرێكی تر لە  ئارادا  نییە  جگە  لە هەنگاوی  خێرای گۆڕینی هەموو شارەكان  بەرەو شاری زیرەك ,چونكە بەكردەیی هەموو ژیان  پەیوەست  دەبێت  بە پێشكەوتنە  تەكنۆلۆجییەكان و ناكرێت  لێی دابڕێت , وەك  چۆن  لە سەدەكانی  پێشوو  بۆ هاتوچۆ ئاژەڵ بەكار ئەهێنرا و  لە ئێستادا ئەستەمە , بە هەمان شێوە  ئەستەمە  لەداهاتوودا  ئامێرو كەرەستەكانی ئێستا  بەكاربهێنرێت , هەروەهاش  لە بواری  شێوە و  پێكهاتەی هەموو شار .

بۆ یەكەم جار دەستەواژەی  شاری زیرەك   لە ساڵی 1994 لە ئەوروپا  بەكار هات و  پاشان  بە جیهاندا بڵاوبووە و شارە زیرەكەكان لە  ئەوروپا و ئاسیا و ئەمریكا و ئوسترالیا  پەیدا بوون.
پێناسەی شاری زیرەك  زۆر هەڵدەگرێ و بە هۆی  زۆری  ئەو دامەزراوانەی كاری تیادەكەن لە سەرچاوەیەك  بۆ سەرچاوەیەكی تر پێناسەكە  دەگۆڕێت  بۆنمونە  یەكێتی ئەوروپا  وا پێناسەى  دەكات  كە (ئەو شارەیە كە باشترین لێهاتوویی  لە بوارەاكانی بەكارهێنانی  تەكنۆلۆجیای پەیوەندی وزانیاری  پێشكەش دەكات  بۆ دۆزینەوەی  چارەسەری  تەواو و سەستەینەبڵ  لە بوارەكانی گواستنەوە و  وزە و  ژینگە هەروا جۆری  ژیان و كێبڕكێی بەشداری) , بەڵام  پەیمانگای  بریتانی  بۆ پێوانەكان  وا پێناسەی دەكات كە (( ئەو شارانەن  كە  تەواوكاری نێوان  سیستمی مادى و ڕەقەمی و مرۆیی  لە  ژینگەی بنیاتنراودا  دابین  دەكات  بۆ دەستەبەر كردنی  دواڕۆژی گەش و (سەستەینەبڵ ) ى تەواو و  گشتگیر بۆ دانیشتوان)
لە كتێبەكەی  دكتۆر ( عوسمان محەمەد غەنیم ) كە ناوی  شارە زیرەكەكانە  بیست و  دوو  پێناسەی  لێكۆڵەر و ناوەند جیاجیاكانی داناوە  بۆ شاری زیرەك  كە هەر خۆی ئاماژە  دەدات دەكرێت  پێناسەی  زیاتر بكرێت  بۆ ئەو شارانە . ئەو بابەتە زۆر هەڵئەگرێ و ڕەنگە  بە  دەیان  كتێب مافی خۆی نەدرێتێ .

كەواتە  دەكرێت  شارە زیرەكەكان  وا پێناسە بكرێ  كە  ئەو شارانەن  سیستمی  پێشكەوتوی لە هەموو بوارەكانی پەیوەست بە ژیانی مرۆڤ هەیەوپشتبەستووە  بە ژێرخانی  پتەوی  پەیوەندی , وا داڕێژراوە  تەكنۆلۆجیاى زانیارى و  پەیوەندی  رۆڵی سەرەكی تێدا دەبینن  كە ئەركی  كاركردن  لە سەر سێ ئاكتی سەرەكی ( تەكنۆلۆجی , كۆمەڵایەتی , ژینگەیی ) دەبینێ . بە شێوەیەكی تر دەتوانرێت بوترێت  ئەو كۆمەڵگا و  ئاوەدانییانەن كە سێ بەش  یا  بناغەی سەرەكی هەیە  بناغەیەكی  تەكنیكی و مەعریفی و  زانیاری و بناغەیەكی  كۆمەڵایەتی و بناغەیەكی  ژینگەیی , تیایدا جوڵەی  هاووڵاتى و هەموو پێكهاتە و بەش و  لق و دامەزراوەكانی حكومەت و كۆمپانیاكان  كارلێك و  پەیوەندی  راستەخۆیان   لەرێگەی  ئینتەرنێت و لەرێگەی سێنسەر و  ئامێرە هەستیارەكان و  جی پی ئێس دەبێت و هەموو  پێكهاتە و جولەكانی  تاك  دەكاتە پێكهاتەى رەقەمی و شیكاری و چارەسەرى  فەرمانەكان  دەكات و بە ئەنجامی دەگەیەنێت . هەموو پێكهاتەكانی شار دەبنە  یەكەیەكی  بەستراو  بەیەكەوە و  لە  رێگەی  نێتۆركەوە    یەكتری تەواو دەكەن , هاووڵاتی لەرێگەی  مۆبایلەكەیەوە  ئەتوانێت  پەیوەندی  بەردوامی  بە دەزگاكانی حكومیەوە هەبێت  بۆ راییكردنی كارەكانی و راپەراندنی ئەركەكان و  پەیوەندی  لەگەڵ  دەوروبەردا هەبێت  بۆ هەر پرسێك  سەرەڕای  پەیوەندی هەموو دەزگا حكومییەكان بە یەكەوە و  بە هاووڵاتییەوە , ئەم  پێناسەیە  بۆ شارى زیرەك  بەردەوام  لە گۆڕاندایە  بە هۆی بەردەوامی بەرەوپێشچونی خێرا وبەردەوامی  پێشكەوتنى  تەكنۆلۆجیا و نەوەستانی  لە خاڵێك  بە تایبەت  لەم  دواییەدا  كە  ژیری  دەستكرد  رۆژانە  شتی نوێ دێنێتە كایەوە .كەواتە هەر پێناسەیەك  بۆ شاری زیرەك و  دواڕۆژی شار بەگشتی ناكرێت جێگیر بێت وهەر لێكۆڵەرێك هەڵە دەكات ئەگەر پێناسەی جێگیر بدات  لەو  بوارە , هەروەهاش  بۆ هەموو خاڵەكانی خەسڵەت و شێوە و  پێكهاتە و  سیمای گشتی شار  كە لە  خوارەوە دیاری دەكرێت  بە  جێگیری  نامێنێت و بەردەوام  لە گۆڕاندایە ,
لەوەتەی  پەیدابونیانەوە  شارە زیرەكەكان  بە چەند  قۆناغێكدا تێپەڕین  كە  لە دوو ڕەوتی سەرەكی خۆی بینییەوە :

- ڕەوتی یەكەم :


لەم ڕەوتە شار پشت دەبەستێت  بە هۆكارەكانی  ئاسانكاری  دیجتاڵی  لە رێگەی تەكنۆلۆجیای زانیارى و پەیوەندی 

information and communication technologies ) ICT (بۆ چاككردن و ڕاپەڕاندنی ئەركەكانى شار و باشتربوونی خزمەتگوزاییەكانی  شار وجۆری گواستنەوە وكاریگەربون و جیگیربوونی لە خزمەتی هاوولاتی . ئەمەش بە مەبەستی باشتر كردنی جۆری ژیانیان .

- رەوتی دووەم :


خۆی  لە پەرەپێدانی  زیرەك ( النموالذكي) دەبینێتەوە. Smart Growth Principles
كە هەوڵدەدات كۆنترۆڵی بەرەوپێشچون و گەورەبونی شار بكات بە رێگەی زیرەك .لە رێگەی كۆمەڵێك پرەنسیپ بۆ بەكارهێنانی زەوى و پەرەپێدانی بە باشترین شێوە و پارێزگاری كردن لە ژینگەی سروشتی و پاشەكەوتی تێچوو بە درێژا. لێرەوە پرەنسیپەكانی بەكارهێنانی زیرەك جەخت لە پەرەپێدانی (ژینگەیی , ئابوورى وبەرپرسیارێتی پتەوكردنی پەیوەندی كۆمەڵایەتی ) دەكاتەوە .


ئامانجەكانی شاری زیرەك :


ئامانجەكانى شاری زیرەك زۆرن گرنگترینیان ئاسانكاری  پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان و دابینكردنی ماف و ئازادییەكان بە شێوەی گونجاو و زیادكردنی توانای پێشكەشكردنی خزمەتى زیاتر .

1- گەیشتن بە باشترین جۆری ژینگە و پاشان ژیانی گونجاو بۆ دانیشتوان .

2- پەرەپێدانی بواری ئابوورى و ئاسانكاری لە سەركەوتنی تاك لەو بوارە و پەرە پێدان و برەودان بە پرۆژەی وەبەرهێنان و هاندانی زیاتری بەرهەمهێنان .

3- پەرەپێدان و گەیشتن بە كۆمەڵگەی دوورمەودا (المستدام ) بە هەموو تایبەتمەندییەكانی شاری دوورمەودا (sustainable city) لە بواری ئابوورى و ژینگە و كۆمەڵایەتی .

4- سودوەرگرتن لە بواری پێشكەوتنە تەكنۆلۆجییەكانی زانیارى و گەیاندن بۆ پێشخستنی هەموو بوارەكانی ژیانى تاك و پیشەسازی و زانست بەگشتی .

5- فەراهەمكردنی پەیوەندی  توندوتۆڵی كۆمەڵایەتی لە نێو دانیشتوان .

6- كەمكردنەوەى بەكارهێنانى وزە پیسەكان و پاشان كەمكردنەوەی دەردانی گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن .

7- گەیشتن بە شارێكی دیزاینكراوی بێكەموكوڕی و پڕخزمەتگوزاری كە هەموو بستێكی زەوی بەشێوەی گونجاو بەكاهێنرابێت وهاوولاتی هیچ ئاستەنگی لە شوێنی ژیان و شوێنی كار و هاتوچۆ نەمێنێت هەروەها هەموو پێویستییەكانی ئیداری و مامەڵەی دەزگاكان و خزمەتگوزارییەكان بە ئاسانترین شیوە دابین بێت .

8- گەیشتن بە بەرزترین ئاستی ئاسایش بۆ دانیشتوان لە رێگەی خیرایی گەیاندنی داتا لە بارەی هەموو جۆرە مەترسییەكان وەك مەترسی لە پێكهاتەی بیناكە و دەوروبەری و مەترسی دزی و رووداوی تیرۆر .

9-  پارێزگاری لە سامانی سروشتی ژێر زەوی و سەر زەوی و سەرچاوە سروشتییەكانی وزە .


خەسلەتەكانی شاری زیرەك :

هەموو خەسلەت و ئاكارەكانی شاری زیرەك پەیوەستە بە بیرۆكەو بیردۆزەكانی پەرەپێدانی شارستانی دوور مەودا (المستدام ) و بەردەوام sustainable city ) ( وەك گواستنەوە و ئابوورى و سامانی سروشتی و جۆرى ژیان و پەیوەندی نێوانیان :....

یەكەم - ئابوورى زیرەك : smart economy


ئابورییەكی هاندەرە بۆ داهێنان و پێشكەوتنی بەرهەمى باش و پێشبڕكێی پەرەپێدانى باشترین رێچكەكان بە بەكارهێنانی تازەترین و پێشكەوتوترین ئامێر و بەرنامەی تەكنۆلۆجی .

دووەم - ژینگەی زیرەك : smart environment

ئەو ژینگە سروشتی و شارستانییەیە كە گوزارشت لە ژینگەی مادی شار دەكات و لە رێگەیەوە هەموو چالاكییەكان ئەنجام ئەدات .

سێیەم -  حكومەتی زیرەكى ئەلكترۆنی : smart electronic gov.

پێشخستنی كاری حكومەت لە رێگەی بەكارهێنانی ئامرازی ئەلكترۆنی لە رێگەی :

أ- زانیاری:
فەراهمكردنی زانیارى تەواو لە بارەی ژمارە وجۆری هەموو چالاكی و زانیارییەكانی پەیوەست بەدانیشتووان .

ب- پەیوەندی :
توانای گۆڕینەوەی زانیارى و پەیوەست بوون بە یەكتری لە نیوان دانیشتوان خۆی و حكومەت ودانیشتوان .

ج- مامەڵەی ئەلكترۆنی :
لە رێگەی ئەنجامدانی مامەڵەكان بە رێگە ئەلكترۆنییەكان .

چوارەم - مرۆڤی زیرەك یا هاوولاِتی زیرەك : smart people

هاووڵاتی كاراكتەر و مەبەستی  سەرەكیە و  رۆڵی  یەكلاكەرەوەی هەیە  لە شاردا  وە سەرچاوەی  سەرەكی  داتاكانن و  بەرپرسن  لە گەیاندنی  شار  بە شاری  زیرەك و  داهێنانەكانی  تەكنۆلۆجیا  لە چارەسەرى كێشەكان  بۆ بەكارهێنانی  بە باشترین  شێوەى حكومەت و ئامێرەكان و  كارتەكان و  هەروەها  بازرگانی و هەموو چالاكییەكان . لە لایەكی تر  ڕاهێنانی تاك  بۆ بەكارهێنان و  وەرگرتنی تەكنۆنۆجیای  زیرەك  لە لایەن حكومەتەوە.

پێنجەم - ژیانی زیرەك :smart life

ئەنجامدانی خزمەتگوزاری گشتی وپەیوەندی و هەموو چالاكیەكانی پەیوەست بە دانیشتوان بە رێكاری زیرەك لە بوارەكانی خوارەوە :

1- تۆڕی دابەشكردنی ئاو ( : ( smart water network

بەكارهێنانی  ئاو  بەشێوەی   تەندروست و  دوبارە  پاككردنەوەو چارەسەركردنی وریسایكل  كردنی  لە رێگەی چاودێری زیرەكەوە. چاودێری  كۆگاكانی  ئاو و  ئاستی  ئاو لە ناویدا و ئاشكراكردنی لێچوون و جۆر و پاكی ئاوەكە  بە بەستنی سینسەر ( sensor ( بۆ هەر مەبەستیك  لەوانە, هەروەها  لە رێگەی شیكردنەوەی  داتاكان  زانینی ئاوی  پێویست  بۆ  دانیشتوانی  ناوچەكە و هێندی ئاوی خەرجكراو , هەروەها  چاككردنەوەی  كەموكوڕی یەكان  بەشێوەی  ئالی .

2- تۆڕی دابەشكردنی وزە یا كارەبا : ( energy or electricity distribution )

بە هەمان شێوە تۆڕی كارەبا و ئامیرە ئەلكترۆنییە هەستیارەكان , سینسەرەكان دەوری كاریگەر یان هەیە لەبەكارهێنانی زیرەك وەك رووناكییەكان و ئامیرەكارەبایەكان لە شوێنەگشتییەكان و چاودێری هێڵەكانى گواستنەوەی كارەبا وپچڕان و تێكچوونەكان و وچاككردنەوەیان و شیكرنەوەى داتاكانی هێندی پێویست بۆ دانیشتوان و بەكاربەران لە ناوچەی مەبەست .ئەمەش وا دەكات بە كارهێنان بۆ كەمترین ئاست دابەزێت لە كاتێكدا لە شارە زیرەكەكان زیاتر وزەى نوێبووەوە بە كاردەهێنرێت وەك وزەی خۆر و ئاو و با .

3-  تۆڕی پاشەرۆی زیرەك : ( smart waste network )

لەگەڵ گەورەبونى شار و زیادبوونی دانیشتوان  تێكڕای پاشەڕۆ و خاشاكەكان لە  زیابوندایە  ئەمەش كاركردن لە سەر چارەسەركردنی ئالۆز ئەكات  بۆیە  پێویستی  بە ئیدارەیەكی زیرەك هەبوو بۆ  دوو تەوەری گرنگ یەكەم بۆ كەمكردنەوەی و دووەم بۆ سوود وەرگرتن لێى وەك وزەیەیەك  یا وەك داهات .ئەوەش لە رێگەى جۆری كۆكردنەوەی و وجیاكردنەوەی و شێوەی گواستنەوە و پاشان ریسایكل كردنی . ئەمەش لە رێگەی ئامێرە هەستیارەكان و سینسەرەكان بۆ پەیوەندیەكان وەك هەبونی پەیوەندی نیوان حاویەكانى خاشاك و ناوەندەكەیان زانینی كامیان پڕبووە بۆ ئەوەى كۆكەرەوەوەكە یەك ئاست بڕوات بۆ ئەو شوێنە نەك گەڕانى هەموو حاویەكان كە لێرەدا ( كات , تێچوو , پیسبوونی ژینگە بە هۆی ئۆتۆمبیلی حاویە ,هێزی بەكارهاتوو ) كەمئەبێتەوە , هەروەها جیاكردنەوەی هونەریى هەموو پێكهاتەكان بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین سوود .

شەشەم - جووڵەی زیرەك : (intelligent movement

كە خزمەتگوزاری گواستنەوە و پەیوەندی دەگرێتەوە لەگەڵ كەمبونەوەی پیسبونی ژینگە لە رێگەی كەمكردنەوەی وزەی بەكارهاتوو لە دروستكردن.:

أ- گواستنەوەی زیرەك : بەكارهێنانی ئامێرەكانی ئاماژە  بەخش و سێنسەرەكان و كۆمپیوتەر و ئامێرەكانی پەیوەندی  پێشكەوتوو بۆ بواری گواستنەوە لە میترۆ و شەمەندەفەر و ئۆتۆمبیلەكان  بە شێوەیەك كە پەیوەندی راستەخۆ لە نێوان هەموان دا هەبێت و ئاماژە بە یەكتری بدەن لە بەكارهێنانی رێگەكان و وێستگەكان و گۆڕینەوەی زانیاری لە بارەی قەرەباڵغی لە شەقامەكان و ژمارەی بەكاربەر لە شوێنەكانی وەك  وێستگەكان  و پێشبینیكردنی كات و ژمارەی بەكاربەر لە هەر شەقامێك و كاتی قەرەباڵغی لە هەر شوێنێك بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری گواستنەوە لە كات و شوێنی گونجاو , ئەوەش بە ئیدارەدانی ستراتیجی گونجاو و ئامێری گونجاو بۆ گەیشتن بە باشترین خزمەتگوزاری و سەلامەتی گشتی و پاشان دەستەبەركردنی كەمكردنەوەی تێچوی گشتی و ژینگەی پاك و سەلامەتی و گلدانەوەی كات .

ب- وێستگەی چاوەڕوانی زیرەكى گشتی : دامەزراندنی وێستگەی چاوەڕوانی كە داتاكانی بدات بە ئیدارە و هۆیەكانی گواستنەوە لە بارەی رێژەی قەرەباڵغی لەوێستگەكە بۆ كارئاسانی ئیدارە و زوو دابینكردنی ماشێنی گواستنەوە وكەمكردنەوەی چاوەڕوانی .

ج- گەراجی زیرەك : دابینكردنی گەراجی زیرەكی ماشێن و بایسكل  بۆ هاندانی بەكارهێنانی , لە رێگەی دیزاینی شارستانی شار بە رەچاوكردنی (ئاسانی گەیشتن , نزیكی , زۆری ناوچەی سەوزایی و كاتبەسەربردن ) وێستگەكان داتای بەردەوام دەبەخشن لە بارەی جێگەی بۆش و بەردەوام نوێكردنەوەی زانیارییەكانى و دیاریكردنی نزیكترین وێستگە ,لەگەڵ دیاریكردنی شوێنی بۆش بۆ كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت .

بە گشتی لایەنی ئەرێنی گواستنەوەی زیرەك خۆی لە خاڵەكانی خوارەوە دەبینێتەوە :

1- بەرزكردنەوەی ئاستی سەلامەتی هاتوچۆ وكەمكردنەوی ژمارەو و توندی روداوەكان و تێچووەكەی و كەمكردنەوەی ژمارەی گیان لە دەستدان.

2- دابەزاندنی رێژەى وزەى بەكارهاتوو و سنوردانان بۆ پیسبوونی ژینگە .

3- باشكردنی ئاستی بەكارهێنانی رێگەوبان و گونجاندنی لەگەڵ گۆڕانكارییە خێراكان لە سیستمی هاتوچۆ .

4- گلدانەوە لە تێچوی وەبەرهێنان لە بواری رێگەوبان و گەورەكردنی .

5- زیادكردنی خێرایی و كەمكردنەوەی وەستانەكان و پاشان پاشەكەوتی كات.

6- زیادكردنی خێرایی لە ئەنجامدانی كار و ئەركی گشتی لە هەموو بوارەكاندا .

7- زیادكرنی گونجاوی جۆری ماشێنیەكان بۆ بەخشینی هەرچی زیاتری ئارامی وئیسراحەت و متمانە و ئاسایش بۆ سەرنشین و كەمردنەوەی كاتی سەفەرەكە .

8- كەمكردنەوەی  رێژەی بەكارهێنانی ماشێنە تایبەتەكان بە بەكارهێنانی هۆیەكانی گواستنەوەی گشتی و پەرەپێدانی وگەورەكردنەوەی ,لەوێشەوە كەمكردنەوەی دەردانی گازە پیسەكان لە ئاگزۆزی ئۆتۆمبیل لە كاتی قەرەباڵغی .

9- كەمكردنەوەی پیسبونی دەنگ و ژاوەژاو .

10- رێكخستن و تەواوكاری وهەماهەنگی لە پێویستیەكانی وەبەرهێنانی تۆڕەكان وئیدارەدانی سیستمەكە.

11- پەرەپێدانی بواری ئابوورى گشتی .


ئەدگار و شێوەی شاری زیرەك :


شاری  زیرەك هەوڵدەدات  بە هەموو شێوەیەك  لە شاری  سوننەتی  نەچێت و  بە  دەر بێت  لە كەمو كوڕی هەروا شێوەى گشتی و خزمەتگوزاری و هەبوونی  ژێرخانی تەواوی  تەكنۆلۆجی و تۆڕی  پەیوەندی زیرك :

1- بۆ ئەوەی  خزمەگوزارییە  تەكنۆلۆجییەكان  مەبەست  بپێكێت  پێویستە  لە هەموو بوارەكان  شار دیزاینكراو بێت  چونكە هەموو بستێكی شارەكە و خزمەتگوزارییەكانی  بە داتا و  رەقەم  و ژمارە و  جی پی ئێس  پێكەوە بەستراوە .

2-هێڵی ڕاست ,گۆشە , كەوانە  لە هەر شوێنێكى  شۆستە و شەقام و گۆڕەپانی شار و شوێنی سەوزایی و وێستگەكانی چاوەڕوانی و گەراجی ئۆتۆمبیل و بایسكل و دەزگا حكومییەكان  ئاشكرا و  زانراو  بێت, هەروەها  ڕاستە شەقام و شوێن و رێڕەوی  بەكارهێانی بایسكل و پیادە  پێویستە  لە بواری دیزایندا  داڕێژراو بێت  بەشێوەیەك  كە تێگەیشتنی خێرا وئاسان  بێت   بۆ هاوڵاتی و میوانەكان و هەموویان  دەبەسترێتەوە  بە داتای  گشتی  ئیدارە و  پاشان  بە كارهێنانی داتاكان و گەیاندنی بە هەمووان .

3-بینا و خانووە  زیرەكەكان  پێكهاتەی سەرەكی  شارن  كە هەموو باڵەخانەیەك  یەكەیەكی  سەربەستى  زیرەكە  بە خۆی جگە  لە پەیوەندییە  تەكنیكییەكانی  بە شوێنە  پێویستەكان  وەك  ئیدارەی شارەكە  بە گشتی و هەموو دامەزراوە خزمەتگوزارییەكان  كە  بۆ ژیانی رۆژانە  پێویستە    بۆ گەیاندن و  گۆڕینەوەی  زانیاری نێوان  ئیدارەی شار و باڵەخانە  یا خانووەكە و دیاریكردنی كەموكوڕی و پێویستی بیناكە و گەیاندنی پەیامەكانی ئیدارەی  شار بە بیناكە .

4-دابینكردنی زانیاری هەموو بنت و بستێكی شەقام و شوێنێكی شار و بەستنەوەی بە  جی پی ئێس   بۆ زانیاری گشتی و بەستنەوەی بە هۆیەكانی گواستنەوە و ئۆتۆمبیلەكان .

5-بەكارهێنانی داتای گشتی و  جی پی ئێس  لە كاتی بەكار هێنانی هۆیەكانی گواستنەوە و ئۆتۆمبیلی تایبەت .

6- بەكارهێنانی داتای گشتی  بۆ  رێگری  لە  رووداوی نەخوازراو وەك  دزی و تیرۆر و  رووداوی  هاتوچۆ .

7- نەهێشتن  یا كەمكردنەوەی  رۆتین  لە دەزگاكان و مامەڵەی هاووڵاتی و  ئاسانی و  رێكی جێبەجێكردنی.

8- هەبونی سەنتەری  لێكۆلینەوە  بۆ زانیارییەكان و  شیكردنەوەیان و چارەسەركردنی  پێویستی و كەموكوڕی شار و رووداوەكان و كارەساتە سروشتییەكان وەك لافاو ورەشەباو و زەمینلەرزە و ژینگەی شار لە پیسبونی هەوا و زەوی و ئاو و سامانی سروشتی ژێرزەوی و سەر زەوى و ئاوی ژێر زەوی و چۆنییەتی بەكارهێنانی سوودوەرگرتن لە رێژەی ئاوی باران ,

9- هەبوونی ئامێری زیرەكی هەستیار و سینسەرەكان لە شوێنی پێویست وەك ئامێری هەستیاری بۆ ئاگركەوتنەوە و رووداو و ئاگاداركردنەوەی گشت لە قەرەباڵغی و چاكسازی شەقامەكان و ...هتد

داهاتوویەکی نزیک :


وەك  لە  سەرەتاوە  ئاماژەمان  پێدا, بە هۆی  پێشكەوتنە خیراكانی هەموو كایەكانی  زانست  لە ناویاندا  تەكنۆلۆجیای زانیاری و ئامێرە  دیجیتالییەكان  پێشبینی كردنی دوارۆژی شارەكان  زۆر ئەستەمە , هەموو لێكۆلینەوەكان هیچ  بژارەدەیەكیان  نییە  جگە لە بەكارهێنانی  بێئەندازە و  بێ ئامانی  تەكنۆلۆجیا  لە هەموو رەهەندەكانی  ئیدارەی  شاردا  بۆ  دوارۆژی شارەكان.

ئەگەر تێبینی وێنە و دیمەنی شارەكانی كۆتایی سەدەی  نۆزدە و سەرەتای سەدەى بیست  بكەین  لە ناڕێكی و دواكەوتویی وبێ خزمەتگوزاری و بەراوردی  بكەین  لەگەڵ  شارەكانی ئێسادا  جیاوازی  زۆر دەبینین. . ئەم جیاوازییە  بۆ چەند دەیەی داهاتوو زۆر گەورەتر ئەبێت  بە شێوەیەك  كە هیچ خەسڵەتێكی شارەكانی  ئەم سەردەمەی  تیا  نامێنێت و  زۆر بەرەو پێشەوە  ئەڕوات , لەبواری داڕشتندا پلاندانانی  شار هەنگاوی گەورە ئەنێت ,
جادە و بانەكان و  وباڵەخانەكان و پێكهاتەكانی شارو شوێنی نیشتەجێبوون  رێكی و  جوانی و  وەبەرهێنانی  بۆشاییەكان  بازدانی گەورەی  دەبێت و جۆری  دابەشكردنی  زۆنەكان  بەدیزاینی نوێ و  رەنگە وا  داڕێژرێت  كە ئەو شوێنانەی هاوڵاتی رۆژانە پێویستی ئەبێت  نزیك بن و دابەشكردنەكانی  زۆنەكان   بە شێوەیەك بێت كە ماشێنی گواستنەوەی پێویست  نەبێت و رێ خوشكرێت بۆ پیادەڕۆیی و  بایسكلەكان ,

هۆیەكانی گواستنەوە و پەیوەندییەكان  ئامێری  زۆر پێشكەوتوو ئەبن , لە بواری تەكنۆلۆجیادا رێژەی  زۆری ئۆتۆمبیل و ماشێنەكانی تر بێ شوڤێر ئەبێت و هەموو داتاكانی  تیا  تۆماركراو  ئەبێت و  سەرنشین  بە یەك كلیكی سەر شاشەیەك   بۆ شوێنی مەبەست كوێی بوێت دیاری دەكات و ئەیگەێنێت , تۆتۆمبیلە  زیرەكە  فڕیوەكان ئاسمانی  شار پڕدەكەن و هەموو میترۆ و شەمەندەفەرەكان زیرەك و خێرا دەبن , بە هۆی  پەیدابوونی  وزەی  پاك و نەمانی  وزەى سوننەتیی  ژینگەی  شار  پاك ئەبێت ,

هەموو مامەڵەكانی هاوڵاتی لە دەزگای حكومی سەردانی  پزیشك و بازاڕكردن و .. هتد   لەڕێی  مۆبایل و كۆمپیوتەرەكەیەوە  ئەبێت و باشترین  خزمەتى  بۆ فەراهەم  ئەبێت .وا دیارە  هەر  ئێستا  ئاماژەكانی  ئەم جۆرە  شارە  دەستی پێكردووە و  رۆژانە گۆڕانكای گەورەى  بۆ پێشەوە و  پۆزەتیڤانە  روودەدات .
بەڵام لایەنی  نێگەتیفی ژیان  بەردەوامدەبێت  وەك  كەمبونەوەی  جوڵە و  زۆربوونی  نەخۆشی و  بێكاری و  وونبوونی خود و هەستی نامۆیی  زیاتر ئەبێت كە دەكرێت  ئەمانەش  كاری  لە سەر بكرێت و  كەمبكرێتەوە .. بە دڵنیایی ئەم  پێشكەوتنانە  لە شوێنێك بۆ شوێنێكی تر جیاوازی دەبێت و ناوچە  پڕ قەیران و كێشەكانی دنیا كەمتر لە وڵاتانی  پێشكەوتو سوودمەند ئەبێت .

هەموو پێشبینییەكان  بۆ ئەوەیە  كە گۆی زەوی  بە گشتی  لە چەند ساڵی داهاتوو  پێشكەوتنی گەورە  دەبینیێت و سیستمەكان بەردەوام لە گۆڕاندان بەرەو باشتر وەك  سیستمی( 5 جی )كە ئێستا لە زۆر شوێن  كەوتۆتە كار و گۆڕانكاری  گەورەی  دروست كردووە ,مرۆڤ  بە گشتی  لە هەموو بوارەكانی  ژیان  رۆڵی كەمتر ئەبێت , ئەم پێشكەوتنانە  بەدڵنیایی ئیدارەدانی شارەكانیش دەگرێتەوە ,وەك چاوەڕوان  دەكرێت  رۆبۆتەكان  لە رێگەی  ژیری  دەستكردەوە  زۆربەی  ئەركەكان  بگرنە دەست , هەموو بوارەكانی ئیدارەی شارەكان  بە سیستمێكی هەمە لایەنی  پەیوەندی  راستەوخۆ و توندوتۆڵ دەبەن  بەڕێوە , ژیری دەستكردیش خاوەنی دوو تایبەتمەندی نامرۆیی تایبەت  بە خۆیەتی كە ئەوانیش  توانای پەیوەندی كردن و خۆ نوێكردنەوەن , بۆیە  دەكرێت  پشتی  پێ ببەسترێت ,

مێژووی  مرۆڤایەتی  ئەوەمان  پێ دەڵێت ئەگەر لە سەرەتاوە هەر پێشوەچونێكی زانست  رێگری  یا ناحەزو دوژمنی هەبوبێت بەهۆی لە دەست دانی  كار  یا  پەسەندنەبوونی لە لایەن رێسای ئاینەكان  لە كۆتاییدا هەر خۆی سەپاندووە و بەردەوام بووە و لە بەرژەوەندی مرۆڤ و كەمكركردنەوەی (ماندوویی , مەترسی ئاسایش , نەخۆشی , زووپیربوون ) بووە و بە قازانجی  مرۆڤ شكاوەتەوە , بەپێی ئامارەكان  تێكڕای تەمەنی مرۆڤ  لە سەر ئاستی جیهان  لە چلەكانی سەدەى رابردوو 45 ساڵ بووە  كەچی  لەم ساڵانەی دوایی تێكڕای  تەمەن  گەیشتۆتە حەفتا ساڵ , ئەمە  بەهۆی  پێشكەوتنی  بواری پزیشكیی و كەمبونەوەی  جۆر و مەترسی نەخۆشییەكانە .

لە بواری  رەهەندێكی گرنگی شار  ئەویش هاتوچۆیە  پێشكەوتنەكان  ئەنجامی  نزیك  لەوە دەدەن بە دەستەوە , ڕۆبۆتەكان وزیرەكی دەستكرد رۆڵی گرنگیان  لە جوڵەدا ئەبێت  كە بواری هەڵە و بەكارهێنانی ناڕێك و ڕۆڵی میزاجی كەسی نامێنێت ئەمەش كاریگەری گەورەی  دەبێت  لە كەمكردنەوەی  رووداو   وپاشان مردن ,, بۆنمونە  زۆرێك لە شوفێرەكان ئاگاداری  یاساكانی هاتوچۆ نین و زۆرینەیان هەڵە دەكەن ,كاتێك دوو  بارهەڵگر یا تۆتۆمبیل لە هەمانكاتدا  دەگەنە  دووڕیانێك , ئەوا رەنگە  لە هەڵسەنگاندنی مەبەستی یەكتر دا توشی هەڵە ببن و  بە یەكدا  بكێشن  بەڵام ئۆتۆمبیلی سەربەخۆی بێ شوفێری داهاتوو دەتوانن  پێكەوە  لە  پەیوەندیدا  بن  كە دەگەنە  رێگەیەكی  یەكتر بڕی هاوبەش  وە  لە راستیدا  دوو یەكەی لێك جیا نین  بەڵكو بەشێكن لە سیستمێكی هاوبەش , بەم پێیە ئەگەری هەڵسەنگاندنی هەڵەو پێكدادان  زۆر كەم دەبێتەوە, ئەگەر لایەنی پەیوەندیدار بڕیار بدات ماددەیەك  لە یاساكاندا  بگۆڕێت  ئەو كات هەموو ئامێرە گوێزەرەوە  سەربەخۆكان  لە یەك  كاتدا  نوێ دەبنەوە و  پێكەوە  وەریدەگرن و  پێڕەوی دەكەن , بەو پێیە  رێژەی رووداو و پاشانیش رێژەی مردن  دەچێتە كەمترین ئاست , لە ئێستادا ساڵانە 1.25 ملیۆن كەس بە هۆی رووداوەكانی هاتوچۆوە گیان لە دەست دەدن كە زیاد لە 95% ی  ئەم رووداوانە  بە هۆی هەڵە  مرۆییەكانەوە روودەدەن , یەكێك لە كاتی سەرخۆشیدا شوفێری دەكات , یەكێك لە كاتی شوفێریدا مۆبایل بەكار ئەهێنێت , یەكێكی دی خەو ئەیباتەوە , یەكێك خەیاڵ ئەیباتەوە ..تا دوایی , بەرێوەبەرێتی هاتوچۆی شارێگەكانی ئەمریكا  ئەڵێت  لە ساڵی 2013 هۆكاری 31% ی رووداوی هاتوچۆی كوشندە  بۆ خوادنەوەی مادەی  هۆشبەر و 30% بۆ خێرایی نایاسایی و 21% ی بۆ نەبوونی تەركیز لە كاتی شوفێریدا  روویانداوە , بارهەڵگر و ئۆتۆمبیلە خۆئاژۆكان  بەهیچ  شێوەیەك  ئەو هەڵانە ناكەن , بەڵام ئەوانیش كێشەی خۆیان هەیە  كە وا دەكات  پێش بە هەندێ رووداوو نەگیرێت , لەگەڵ ئەمانەشدا چاوەڕوان  دەكرێت  رێژەی مردن و  زیانەكان  بە رێژەی 90% كەم بكاتەوە, بە واتایەكی  دیكە  بە هۆی سوودوەرگرتن  لە ئامێرە گوێزەرەوە  سەربەخۆكان  بە نزیكەی  ساڵانە ژیانی  یەك ملیۆن كەس  ڕزگار دەكرێت .

ئەم روونكردنەوە یە  لە بواری  پپێشكەوتنی ئۆتۆمبیل  دەكرێت وەك نمونەیەك لێی تێ بگەین  بۆ سەرجەم  پێشكەوتنی هەموو بوارەكانی ئیدارەی شار وەك كەمكردنەوەی  قوربانی  لە بە كارهێنانی ئاو و كارەبا و وپێشكەوتنی بواری تەندروستی بەگشتی و چارەسەری هەموو نەخۆشییەكان و دوورخستنەوەی  پیربوون , هەروەها  سوود وەرگرتن بۆ بواری تەلارسازی و بیناسازی  لە شار وجۆری مەوادی  بینا و ئامێر لە خانوو و باڵەخانەكان و چۆنیەتی دیزانكردنی شۆستەو شەقام و جێبەجێكردنی  پرۆژەكان, بە هەمان شێوە  لەبواری  پەروەردەو  بەرزكردنەوەی ئاستی فێربوون و زیادكردنی بەروبوومی  پیشەسازی و كشتوكاڵ و  بازرگانی و باشكردنی  جۆر وبڕی  بەرهەم و بڕی تێچوو بە گشتی لە هەموو بوارەكاندا.

ئەندازیاری ڕاوێژكار .. محەمەد عەزیز محەمەد

كەركوك . 20-4-2024
 



إرسال تعليق

به خێر هاتی فه رموو به رده وامبه

أحدث أقدم